(کۆمسا) و ( ماسو قەڵاتی)

دوو مەراسیمی ئایینی و کۆمەڵایەتی خەڵکی هەورامان

نامق هەورامی

لەدێر زەمانەوە هەموو ساڵێک هەورامییەکان لەدولایی بەهاردا وەختێک دنیا روەو گەرم بوون دەچێت، شاروو گوندەکان جێدەهێڵن و رودەکەنە هەوارەکان، هەوار شوێنی گەشتی ئاژەڵدار و باخدارەکانە لەناو فێنکترین ناوچەکانی هەوراماندا، مەبەست لەم گەشتە بۆ بەدەست خستنی فەزایەکی فێنکە بۆ ژیان ، لەپاڵ ئەوەشدا لەوەڕگا بۆ ئاژەڵەکانیان و سەروکاری باخەکانیان کە کەوتونەتە ئەو ناوچانەوە.
لەسەردەمی میتراییەکانەوە ئەم مەراسیمە لەهەورامانی تەخت، وەک پایتەختی هەورامان بەڕێوە چووە، کەدەڵێین هەورامانی تەخت وەک ناوەندی ئایینی و حوکمڕانی هەورامان بووە لەخۆڕا نییە، سادەترین بەڵگە ئەوەیە بە ئیستەشەوە بە هەورامانی تەخت دەوترێت ( شارو هەورامانی).
کۆمسا مەراسیمێکی خاترخواستنی جەماوەری و ئایینی بووە، هەوڵ دەدەم بەکورتی هەردوو ئاراستەکەی باس بکەم.
ئایینی بووە بەو پێیەی خەڵک لەسەر بەردی کۆمسا کەنزیکە لە مەزاری پیرشالیارەوە، کۆبونەتەوەو نەریتی ئایینییان ئەنجامداوە و گرنگترین کارێک ئەنجامیان دابێت شکاندنی هەندێک لە بەردی کۆمسا بوەو بردنیەتی لەگەڵ خۆیاندا وەک موفەڕەک و مایەی رزق و رۆزی.
خودی مەراسیمەکە بەناوی ئەو بەردە پیرۆزەوەیە کە لەو شوێنەدا هەیە و ساڵانە لەو مەراسیمەدا خەڵک دەچنە سەری و لێی دەشکێنن و وەک دەڵێن دووبارە شوێنی شکاویەکان پڕدەبنەوە.
پیرۆزی دان بە شتە سروشتییەکانی وەک داروو بەرد لەزوربەی بیروباوەڕەکۆنەکاندا بونی هەبووە، رەئوف مەحمودپور لەکتێبی ( جەژنێک بۆ پیر بنەمایەک بۆ ئوستورەی کوردی) دەڵێت: زۆرێک لەو بەردانە هێزی سروشتیان تێدایە و وەک کودرینگتۆن و ئوستورە ناس باوەڕی وایە ئەم بەردانە رۆحێک خۆی پێوە لکاندوە)
ئەم بۆچونەی رەئوف تەواو دروستە چون خودی مەراسیمی کۆمسا پەیوەندییەکی تەواوی لەگەڵ خودی پیرشالیاردا هەیە.
داستانی بەردی رەش یان (حجر الاسود) کە ئیستە لای موسوڵمانەکان پیرۆزە هەمان نیشاندانی پیرۆز راگرتنی بەردە.
هەرچی تێڕوانینە کۆمەڵایەتییەکەیە ئەوەیە دووبارە لەو مەراسیمەدا کارەکانیان رێکدەخەنەوە وەک (نۆباو) یان نۆرە ئاوی باخەکان و سەرپەرشتی ئەو پیرو بەساڵا چوانەی کەناتوانن بچنە هەوار، لەو کۆبوونەوەیەدا کەسێک دیاری دەکرا تا سەرپەرشتی ئەو کارانە بکات لە ناو شارو دێهاتەکاندا، هەروەها بۆ هەر هەوارێک کەسێک وەک دەمڕاست و براگەورە دانراوە کە لەکاتی کێشە و هەر کارێکدا هەمووی دەست لەکار بەرنەدەن و ئەو کەسە بەدوای چارەسەری کارەکان بکەوێت، ئەمەش نیشان دەدا هەورامییەکان هەمیشە بەشێوەی سیستماتیکی کاریان کردوەو کات و کار لایان بەنرخ بووە.
لەمەراسیمی کۆمسادا خەڵک لەنێوان مەزاری پیرشالیار و بەردی کۆمسادا کۆدەبنەوەو هەرخانەوادەو نانی خۆیان دەبەن و لەوێ پێکەوە نانەکە دەخۆن، دیارترین جۆری خواردنەکە بریتە لە ( گیتە مەژگی-نانێکە بە ئاردی گەنمەشامی و گوێز دروست دەکرێت، ماست و یاپراخ).

- ماسو قەڵاتی:
ئەم مەراسیمە لەناو یارسانەکانی هەوراماندا لەگوندەکانی ( هاوار، هەوارەکۆن، دەرەتفێ) بەڕێوە چوە، خۆشبەختانە ئیسە چەند ساڵێکە لەگوندی هاوار ئەو مەراسیمە زیندو کراوەتەوەو بەڕێوەدەچێت، هەرچەند اتەکەی گۆڕدراوە و ئەبوایە لە دوولایی بەهاردا بوایە.

لەگەڕان و بەدواداچونێکی مەیدانیدا توانیم ریشەکانی ئەم مەراسیمە بدۆزمەوە، تا ساڵانی ١٩٧٧ وەختێک گوندەکانی ئەو ناوچەیە چۆڵ دەکرێن ئەم مەراسیمە بەڕێوە چوە، لەم مەراسیمەدا لە دوولایی بەهاردا  خەڵکی ئەو سێ گوندە نان و ماستیان بردوەتە سەر قەڵاتەیەکی بچوکی بەبەدر دروست کراوو، لەوێ ماست و نانەی هەمووان تێکەڵ کراوەو هەمووی لێیان خواردوەو لەوێ خاتریان لەیەک خواستوەو روەو هەوار و چیاکان بەتایبەت لەو سێ گوندەدا زیاتر خەڵک بۆ بنێشت دروست کردن رۆشتون و لەوێ کاری ئاوایی وک پارێزگاری و سەرپەرشتی باخ و ئەوخەڵکەی ماونەتەوە بە دەستەیەکی هەڵبژێردراو سپێردراوە تا پایز هەموویان گەڕاونەتەوە.

وێکچووەکانی ئەم دوو مەراسیمە:

- لەهەردوو مەراسیمدا شوێنی کۆبوونەوە لەنزیک بەردی پیرۆزدایە.
- هەردوو مەراسیم لە دوولایی بەهاردا ئەنجام دەدرێت.
- لەهەردوو مەراسیمدا نان و ماست گرنگی خۆی هەیە.
- لەهەردوو مەراسیمدا مەبەست دابەشکردنی کارو دورکەوتنەوەی خەڵکی ئەو شوێنانەیە و سپاردنی کار بە کەسانی ترە.
- هەردوو مەراسیمەکە لەروخساردا ئەگەر جیاواز بن بەلام لەناوەڕۆکدا یەک ریشەیان هەیە کە ریشە میتراییەکەیە، چون یارسانەکان میراتگری میترائیسمەکانن و خودی پیرشالیار و مەراسیمەکەی ریشەی میترائیسمیان هەیە.



طبقه بندی: فرهنگی و هنری، اجتماعی، ادبیات/شعر، تاریخ، دینی ومذهبی، پیرشالیارهه‌ورامی، نامق هه‌ورامی،
برچسب ها:هورامان هه‌ورامان‌هانه‌به‌رچه‌م-کتابخانه‌ هورامان؛یانه‌وکتێبووهه‌ورامانی-هه‌ورامان-هۆرامان-اورامان-اورامانات-دزآور(زاوه‌ر)-لهون-نوسود-هورامان تخت ژاورود-پاوه-نودشه(نۆتشه)زرده-پریان-رێژاو(ریجاب)-کندوله-ته‌وێڵه(طویله)-بیاره-ساور-نودیجه-حلبچه(هه‌له‌بجه)-خۆرماڵ مریوان-سروآباد-کرمانشاه-کردستان-دالانی-ایلام-کامیاران-روانسر-جوانرود-چهارقلعه‌عبدالملکی(زاغمرز-زینوند-حسین‌آباد-امیرآباد هورامی های شمال ایران)-عکس-شبک(شه‌به‌ک)-سنجار- کاکه‌یی-یارسان-ساور-نودیجه-زازا-زازاکی)-قلعه قروه-چورژی-هانه‌به‌رچه‌م-هۆمایون محه‌مه‌دنژاد،وه‌سیه‌ت په‌ی مه‌زهه‌ری،سه‌فه‌ره‌کێ گالیوێری،(کۆمسا) و( ماسو قەڵاتی) دوو مەراسیمی ئایینی و کۆمەڵایەتی خەڵکی هەورامان: کاکه نامق هەورامی،
نوشته شده در تاریخ جمعه 15 اردیبهشت 1396 توسط همایون محمدنژاد
.: Weblog Themes By Abdollah Habibi :.