هه‌ورامان هانه‌به‌رچه‌م

شەجەرەنامەی شێخانی مەردۆخی باقلاوا
بەشێک لە مێژووی باقلاوا، کەڵاتەرزان، سنە، کوردستان:کاک ئیره‌ج مورادی
هاتنی شێخەکانی مەردۆخی لە ئاوایی دەگاشێخانی هەورامان بۆ باقلاوا دەگەڕێتەوە بۆ شێخ ابوالحسن کوڕی شێخ نجمەدین کوڕی شێخ عبدالغفار ثانی نێوان ساڵەکانی 1050 تا 1120 کۆچی، واتا زیاتر لە 330 ساڵ پێش ئێستا. شێخ ابوالحسن وەک لە کتێبی مشاهیر کرد هاتووە چەند ساڵێک چووەتە لای پاشای بابانەکان لە سلێمانی. کتێبێکی لەسەر گەردوون و ئەستێرەناسی نووسیوە و بە ناوی تحفە سلیمانیە مەشهوورە. مەولانا خالێد شارەزووری لە سەفەرەکەی هێندووستانی کە دەگەڕێتەوە لە ڕێ سنە بۆ سلێمانی لای شێخ ڕەحمان کوڕەزازای شێخ ابوالحسن لا ئەدات و بنەمای پێوەندی دەبەستن و مەولانا لە تعمیری مزگەوتی باقلاوا چەند بەردێک دائەنێت. بەرهێوانی مەولانا خالێد لە مزگەوتی باقلاوا و شوێنی مانەوەکەی واتا لەناو هەمرۆکان مزگەوت، یادەوەریەکە پشتاوپشت تا ئێستا هاتووە و خەڵک دەیزانن. خانەقای شێخ حسێن باقلاوا ناوەندێکی گرینگی تەرێقەتی نەقشی بووە و هەموو شێخەکانی بیارە سەردانیان کردووە. چەندین نامە و یادگاری ئەم پێوەندیە ئێستەش ماوەتەوە و لای ئێمەیە.
پێش ئەمان دیارە باقلاوا هەر ئاوەدان بووە. چیرۆکێک هەیە هی سەردەمی شێخ حسێن کوڕی شێخ عبدالرحمن کوڕەزازای شێخ ابوالحسنە، کە لە نێوان ساڵەکان 1200 تا 1290 کۆچی بووە. قەبری چەند کەسێک لە ناو ئاوایی باقلاوا بووە و بە شەخسەکەی پیر موحەمەو بەناوبانگ بوو. گوایە شەوێ شێخ لە خەویدا پیر محمد لەگەڵی قسە دەکات و دەڵێ درواسێتم و لێم ناپرسی و لەم قسانە. دیارە شێخ زانیویەتی شەخسێکی چاک پێش ئەمان لێرە بووە بەڵام زۆر لێی نەزانیوە. بەم شێوە هەتا ئەم سەردەمەش ئەو چەند قەبرە هەر پارێزراو بوون و بە بەرەی شێخ زەکریا دەناسران.
هه‌ورامان هانه‌به‌رچه‌م
باقلاوا پێش بەنداوەکە
هه‌ورامان هانه‌به‌رچه‌م
باقلاوای کۆن /نەورۆزی 96
مناڵەکانی شێخ زەکریا لەم ناوچە زۆرن وەکوو پیر توکل گاڕان، شێخ حسن سەوزەپۆش سوورکەوڵ و ...
هەروەها باوە کە باقلاوا بنەڕەتی باپیرانی ڕەحمان ئاشوور باواگەورەی حەمە خەجێ باقلاوا دایناوە. کانی ڕەحمان ئاشوور لە باقلاوا مەشهوور بوو. دەڵێن ڕەحمان باپیرانی ئاشووری بوونە و لەم ناوچەیە نیشتەجێ بوونە. لەجێی زیارەتانی ئێستەی باقلاوا خەڵک قەبری خەڵکیان هەڵکەندبوو کە ڕوو بە بیت المقدس بووە، هەروەها لە دەشتی شێخاڵی جوتیار قەبری هەڵکەندووە کە لاشەی مردووەکان لە ناو هومبە و خومرە بووە و دەیان چاڵە خەڵووز و تەندوور لەم شوێنە بووە. لە دەشتی هەنجیلێ تا سەردەمی ئێمەش لە پشت کانی هەنجیلێ شوێنی ماڵ و دیواری لێ بوو. شان هەنجیلێ قەبرستانێکی کۆنی لێ بوو.
هەمیشە بیستوومانە کە ئاواییەکانی خانەقا، بنیەر و دڕێڵە کە سێ ئاوایین لە نێوان باقلاوا و ئاوایی نگڵ، ئەم ئاواییانە پێشتر هەوار و قشڵاقی باقلاوا بووە، ئەڵبەت ئاوایی شایەنیش هەر هەواری بووە. قسەی بەناوبانگ هەیە کە : سەردەمێک باقلاوا تا ملە تۆفانە دەسەڵاتی بووە. ملە تۆفانە سنووری ئاوایی دڕێڵەیە لەگەڵ نگڵ و دانیکەش.
ئاوایی زۆنج لەو بەری چۆمی کوڕەوێزە بەرامبەر خانەقا. تا ئەم ئاخرانە هەمیشە دانگێ یا زیاتری هی مالک باقلاوا بووە، بەڵام وەک دیارە زۆنج مێژووی لە ئاواییەکانی هەواری باقلاوا زیاترە و دەڵێن کەوچکتاشی هەورامی ئاوەدانیان کردووەتەوە. بەهۆی دابڕانی پێوەندی چەند مانگەی باقلاوا و زۆنج لەسەر چۆمی کوڕەوێز، دەسەڵاتی سنووردار بووە و زۆنج لەگەڵ ئاوایی میانە دەسەڵاتی گوڕیوەتەوە.
هەلومەرج و هەڵکەوتوویی شوێنی ئاوایی باقلاوا شایەنە کە بەتەسەل لێی بکۆڵدرێتەوە. ڕێگای سنە بەرەو مەریوان و سلێمانی لە ناوچەی کەڵاتەرزانەوە تێ پەڕیوە تا پێش ڕاکێشانی ڕێگای تازەی سنە بۆ سەوڵاوا و مەریوان. ئەوسا ڕێگای سنە تا نزیک شوێشە لە ئاوایی تێژتێژ یەک ڕێ بووە دواتر دووفاقە بووەتەوە، یەکیان لە کەل هەمرۆ بەرەو سێڕای کاکۆزەکریا (شەوکەوتبەو) دوایی جانەورە و هەتا ناوتاق گاڕان و دواتر پردە مێژووییەکەی گاڕان و بۆ مەریوان. لقێ تری هاتووەتە ناو شوێشە و بە کەل تاڵۆڕان داگەڕاوە بەرەو چەم کۆماسی، بەڵام لە پردە دارەکەی سوورکەوڵ هەڵگەڕاوە بەرەو کێوە بەرزەکەی پیازە. لە کەل سوورکەوڵ داگەڕاوە بەرەو سەوڵاوا و دواتر مەریوان. ئەمە دوو ڕێگەی سەرەکی بووە. فەرهاد میرزا والی سنە کاتێ لە سنە بەرەو مەریوان هات لە سەرتاڵۆران داگەڕا و بە ڕێگای زەنووری و باقلاوا تێپەڕی تا گەیشتە کەل سوورکەوڵ.
دەشت لۆشتە دەشتێکی پان و بەرینە لە باقلاوا هەر لە کۆنەوە چایخانە و کاروانسەرایەکی چکوولەی هەبووە. خەڵک لە نگڵەوە تەنانەت هاتوون و لە چەم کۆماسیەوە هاتوون لەوێ سوار بوونە و ڕێ کەوتوون بۆ سنە. لە باقلاوا سێ قاوەخانەی لێ بووە بۆ ڕێبواران. قاوەخانەی لۆشتە، دۆڵ قشڵاخ و حەوز حاجی، دواتر لە زەنووریش لای ئاسیاو ماڵ خان و دواتر سێڕای کاکۆزەکریا قاوەخانەی شەوکەتبەگ.
شەڕی یەکەمی جیهانی کە شێخ حسامەدین هێزی عوسمانی و بەرەی خۆیان ڕێنوێنی ئەکا، ماوەیەک لە ئاوایی گڵیە لە کەل سوورکەوڵ ئەمێنێتەوە، نامە بۆ شێخەکانی باقلاوا ئەنووسێ یارمەتی بدەن و ڕۆژ ڕۆژی خەبات و جەهادە. هێزی کەڵاتەرزان ڕێبەرایەتیەکەی شێخانی باقلاوا بووە و هێزی کۆماسی سەید بەهای پیرخێران. لەو شەڕەدا سێ هێز پشتیوانی شێخ حسامەدینیان کرد. هێزی حەسەن خان ڕەزاو و کەڵاتەرزان و کۆماسیەکان.
خانەقای شێخ حسێن
وەک دەگێڕنەوە کاتێ مەولانا خالێد لە هێندووستان گەڕایەوە و چەند ڕۆژێک لە مزگەوتی هاجرەخاتوون و مزگەوتی؟ لای مامۆستایان و زانایانی ئەوکاتەی سنە مایەوە. باسی لە دەرخستنی تەرێقەتی نەخشی و ڕێبازی دینداری تایبەتی خۆی کرد. وەک دەزانن مزگەوتی هاجرەخاتوونی سنە پێش مزگەوتی داروئێحسان مەکۆی وانە و خوێندنی زانایانی بەناوبانگ بووە. دیارە ئەم کارە ڕێگەخۆشکردنێکی مەولانا بووە بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی.
واتا بەدەم ڕێگەوە تا سلێمانی پەیامی خۆی گەیاندووە و سەرنجی بنکە و کرۆکە سەرەکیەکانی ئەوکاتەی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.
وەک لە باقلاوا لە دەمی بەساڵاچووان و ئەوانیش لە باپیرانی خۆیان بیستووە، باوە، مەولانا لە سەر بواری هەنجیلێ تووشی ڕانەبێری باقلاوا بووە و هەواڵی باقلاوای لەوان پرسیوە و لە بن تووەکان هەنجیلێ لایداوە. دەڵێن خۆی و یەک دوو سواری تر بوونە بە سواری ئەسپ. خەڵکی باقلاوا و دەوروبەر کەمتر کەسیان دیتووە بە سواری ئەسپ. زۆرتر هێستر و مایین و گاوەکی باو بووە. سوارەی ئەسپ بە لایانەوە شتێکی سەیر بووە.
تووەکان هەنجیلێ تا ئەم دواییانە کە بەنداوەکە نەهاتبوو خەڵک هەر بە چاوێکی پیرۆزەوە سەیریان دەکرد و لە بیری خەڵکدا مابوو کە سێبەری ئەم تووانە کەسێک وەک مەولانا لێی دانشتووە.
دیارە مەولانا لە ڕێی کەل سوورکەوڵ بەرەو مەریوان و دواتر سلێمانی تێپەڕیوە.
دەڵێن مەولانا کە لە ژنانی شیردۆشی بوارهەنجیلێ دەبیستێ کە خەڵکی ئاوایی خەریکن مزگەوتەکە چاک دەکەن و نۆژەنی دەکەنەوە و هەروەها دیارە پێشتر باسی کەسایەتیە بەناوبانگەکانی شتێکی بەرگوێ کەوتووە وەک شێخ ابوالحسن و شێخ نعمت الە ولی و شێخ رحمان، ڕێ دەگرنە بەر و تووەکان هەنجیلێ جێ دەهێڵن بەرەو باقلاوا.
لای خوارووی مزگەوتەکە کۆمەڵێ دار هەرمێ مزگەوت هەبوون. لەوێ لا ئەدەن و خەڵک بەپیریانەوە دەچن. چونکە لای خەڵکەوە سەر و سیمایەکی وەها نامۆ و سوارەیەکی وا، دیارە کەسێکی کەم نین. شێخی سەرەکی واتا شێخ رحمان باوکی شێخ حسین لە دۆڵ و هەواری شایەن دەبێت، گوایە خەریکی ئاوێران و کشتوکاڵ بووە.
ئێستەش هەموو خەڵک دەڵێن بیستوومانە مەولانا قەبووڵی نەکردووە هیچ شتێ تایبەتی بۆ بهێنن. قەناعەتی کردووە شیرێژ و ڕۆنی بەهاری خواردووە لە ناو هەمرۆکان مزگەوت.
دوایی دەچێتە ناو مزگەوت و بۆ یادگاری چەند بەردێک لە دیوارەکە دائەنێت و هەندێ ڕێنوێنیان ئەکات کە چی بکەن بە مزگەوتەکە. تا مزگەوتە کۆنەکەی باقلاوا مابوو، بەرهێوانەکەی مەولانا خالێد بەناوبانگ بوو. هەروەها دەڵێن کانی بای خوار مزگەوتەکەی بۆیان باس کردووە  لەوێ دەستنوێژ بگرن و ئێستەش بە حەوزە کۆنێ دەناسرێت.
مەولانا دوایی دەڕوات و ئێوارە هەواڵ بە شێخ عبدالرحمن ئەدەن. ئەویش دەزانێت کە میوانداری چە گەورەپیاوێکی لە دەست داوە. دواتر لەگەڵ شێخ حسێن کوڕە گەورەی چەند جار دەچنە سلێمانی بۆ لای.
کاک سامی دێهقانی نووسەری کتێبی سراج السالکین دەڵێت: نامەیەکی مەولانا خالێدم لایە بۆ شێخ حسێن باقلاوای ناردیە و سەرەخۆشی لێ کردووە لە مردنی شێخ حسن خەتات باپیری.
نامەیەکی تر هەیە و کۆپیەکەی لای منە کە شێخ سراج الدین داوای 25 تمەن قەرزی لە شێخ حسێن کردووە و بە برادر طریقت ناوی هێناوە.
شێخ حسێن یەکێک لە خەلیفەکانی شێخ سراج الدین جێنشینی مەولانا خالێد بووە. دواتر شێخ عبدالاحد و دواتر هەر سێ کوڕەکەی شێخ مارف و حەمەسەعید و رئوف خەلیفەی شێخەکانی نەقشبەندی بوونە و خەلافەتنامەکەیان لە کتێبی سراج السالکین هەیە و دەیان نامەی چاپکراو و هێشتا دەرنەخراوی تر کە لە نێوان بیارە و تەوێڵە و باقلاوا بووە.
خانەقای شێخ حسێن هەر لە ناو مزگەوتی باقلاوا بووە و حوجرەی فەقێ و شوێنی مانەوەی ڕێبواران و میوانانیشی لە تەنیشت بووە. هەمیشە خانەقا میوان و ڕێبواری لێ بووە. خەرجی خانەقا لە ئەستۆی شێخ حسێن، دواتر شێخ عبدالاحد و دواتر سێ کوڕەکەی بووە. لەم ئاخرانەوە ئیتر دەوری خانەقا کوژایەوە.
باقلاوا چەند ئاشی لێ بووە، ئاسیاو جۆلەی هەژدەنێرێ، ئاسیاو بوار هەنجیلێ، ئاسیاو شان لۆشتە، ئاسیاو بوار لەتیف و ئاسیاو شێخ (ئاسیاو ناوباخ).
بەهۆی چۆمی کوڕەوێز و چۆمی کەڵاتەرزان کە لە باقلاوا یەکیان گرتووەتەوە و دواتر بوونە بە یەکێ هەمیشە لە شوێنە دوور و نزیکەکانەوە خەڵک باراشیان بۆ ئەم ئاسیاوانە هێناوە و داهات و مزە لەم ئاواییە کۆ بووەتەوە.
مزە و داهاتی ئاسیاوی شێخ کە شێخ حسێن دایناوە بۆ خەرجی مزگەوت و خانەقا و میوان و فەقێکانی بووە. دوو نامە لای منە هی شێخ عبدالاحد و کوڕەکانی کە نووسیویانە ئەم ئاسیاوە هی خانەقایە.
دەگێڕنەوە کە هێندە خەڵکی میوان و ڕێبوار و هەژار لە خانەقا ڕۆژان و مانگان ماونەتەوە کە لێرە ئەگەر مردوون لە بەشی زیارەتانی ناسراو بە غەریوان ناشتراون و جیا لە زیارەتانی ناودێ بەڵام لە تەنیشت یەکەوە بوون. هەروەها سەردەمی شێخ عبدالاحد قڕەساڵی و گرانی و وشکەساڵیەک دێت خەڵکێکی زۆر لە دەوروبەر دەمرن. شێخ دەستوورئەدات تا بۆتان ئەکرێ و لاشە دێتەوە بۆ زیارەتان، لە غەریوان بیاننێژن.
دوای شێخ عبدالاحد لە نێوان کوڕەکانیدا هەر مانگێک کوڕێک خەرج و بەڕێوەبەری خانەقای بە ئەستۆ بووە.
جارێکی تر لە سەرەمی شێخ عبدالاحد یەکێک لە شێخانی بیارە، وابزانم شێخ عمر دەبێت، دێتە باقلاوا و لەسەر ئەرکی خۆی دارێکی گەورەی دوولفقان ئەخاتە سەر سرمیچی مزگەوتەکە. گوایە خەڵک خەریکی نۆژەنکردنەوەی مزگەوت و خانەقا بوونە. هەندێ خەڵک تا پێش ڕووخاندنی مزگەوتە کۆنەکە دەچوون لەو دارەیان هەڵدەکۆڵی و لەسەر ددانێ ژانی دەکرد دایان ئەنا چاک بێتەوە. شێخ امجد کوڕەزای شێخ رئوف ئەم دارەی برد بۆ ماڵی خۆیان لە ڕووخاندنی مزگەوتەکە.  هەروەها کەسایەتیەکانی دیکە وەک شێخ حسام الدین، شێخ بەهائەدین و شێخ عثمان و هەروەها شێخ محمد مردۆخ سەردانی باقلاوایان کردووە.
لەم دواییانەش استاندارەکانی سنە لە جەژنی ڕاکێشانی برق بۆ ناوچەکە ساڵی 74 ڕەحیمی، افتتاح مزگەوت تازە رمضانزادە و هەروەها چۆڵکردنی باقلاوا بەهۆی بەنداوی ئازاد، شەهبازی سەردانی باقلاوایان کردووە.
تیرە و تایفەکان
باقلاوا شوێنی چەند ماڵباتێک سەر بە چەند هۆز بووە. ئەوەیکە دیارە و کۆماسیەکان بە خەڵکی تر دەڵێن گۆران، باقلاوا پێش هاتنی شێخەکانی مەرۆخی لە دەگاشێخانەوە هۆزی گۆرانی تیا نیشتەجێ بووە.
ئەڵبەت چەند بنە ماڵێکیش هەورامی هەجیجی و ساڵیانی و ئەوێهەنگیشی تیا؛بووە کە دوایی بوونەتە سۆرانی.
وەک دەگێڕنەوە تا سەردەمی شێخ ڕەحمان لە باقلاوا شێخەکانیش بە هەورامی قسەیان کردووە. ئەڵبەت جافەکان بەگشتی لە ناوچەکە ساڵانە هاتوچۆیان کردووە و شوێنی هەواری هاوین و بەهاری ئەوان بووە و کێوەکانی باقلاوا و ئاواییەکانی تریش دیارە بەهار و هاوین پێیدا هاتوچۆیان کردووە.
لە کتێبی تەئریخی جاف باس لەوە دەکات تیرە و تایفەکانی جاف هاتوونەتە کوڕەوێز و کەڵاتەرزان.
پێش شێخەکانی مەردۆخی باقلاوا گۆران و شێخەکانی شێخ زەکریای تیا بووە. پیر محمد کە قەبرەکەی لە ناو ئاوایی بووە لە نەوە و وەچەی شێخ زەکریا بووە.
ئەڵبەت هەورامیەکان هەمیشە بەسەر بەشی هاوسنووری ژاوەرۆ و هەورامان؛حوکمیان کردووە. باقلاوا و نگڵ نزیکە لە هەورامان و هەندێ جار بە هەورامانیش ناسیویانە. تەنانەت مەلا حەمە سادق نگڵی شاعێر لە شێعرێک دەڵێ: ڕاس نییە نگڵ کەڵاتەرزانە/ دەروازەی شار هەورامانە (شێعرەکە دەقەکەی تەواو ئەمە نییە). لە سەردەمی دەسەڵاتی هەورامیەکان لە ڕەزاو، ناوچەی باقلاوا و دەوروبەر لە ژێر دەستی ئەوان بووە. لە کتێبی جوغرافیای دێهاتەکان ئێران، رەزمارا، هەموو دێهاتەکان کوڕەوێزی نووسیوە سەر بە بەخشی ڕەزاو.
تەنانەت ئاوایی سوورکەوڵ و وشترمل لە درواسێ باقلاوا مڵکی شێخەکانی بیارە بووە و گڵیە و بێرەش هەروا هی حەسەن سوڵتانی هەورامی بووە. لە سەرەوەی باقلاوا ئاوایی گزەردەرە هی ئاغاکان ئاڵمانە لە چەم سەوڵاوا بووە.
کەواتە زۆر سەیر نییە ئێستا زۆربەی ناوی کانی و دەشت و دۆڵ و کێوەکان ئەم ناوچە هەورامین، وەکوو: کوڕەوێز، هانە نمڵە، هانە گراوێ، هانە سیمێ، هانە تمانە، دووەزە، یەرەوەزە، ئارسەنگ، ئارەسۆ، دەیمەورێ، و ...
لە باقلاوا جیا لە هەورامی و گۆرانەکان، بنەماڵەیەکی جافی زەردۆیشی لێ بوو کە ئەمان لە ئاوایی سوورکەوڵ هاتبوون. زەردۆییەکان هەر لە کۆنەوە کاریان کوچەڵە و بنێشت کردن بووە بە دار وەنەکانی ناوچەکە. لە ئەسڵدا ئەمانە خەڵکی زەردەی لای جوانڕۆن. شێخانی باقلاوا لەگەڵ شێخ زەکریایەکان و ساداتی پیرخێران و کۆڵ، بەگەکانی کۆماسی لە زەنووری و ئاغاکانی تێژتێژ و خانەقای جووجوو خزمایەتیان گرتووە و خۆیان لەوانیش نزیک کردووەتەوە.
چەند ماڵێک تاک و ترا سەید لە باقلاوا بووە بەڵام زۆر بنەیەکی پتەویان نەبووە.
گێڕانەوەی ڕاستیەکانی مێژووی یەک ئاوایی، ئاستی کومەڵایەتی و پێکهاتەی ژیانی ئەوسای خەڵک دەگەینێت کە ئەمە خۆی بەرچاوڕۆشنیەکە بۆ نەوەی ئێستە، کە هەست بکات باب و باپیرانی لە خاکی کوردستان لە دێرزەمانەوە ڕەگیان داکوتاوە و بە ئاسانی هەڵناکنرێن.
چەند بەشی تر لە مێژووی باقلاوا:
 1. کەسایەتی احمد نوریجان، وەک یەکێک لە سەربازانی هێزی پشتیوانی شەڕی ڕووسەکان و خەڵکی ناوچەکە و شێخانی نەقشبەندی
2. کەسایەتی شەریف کوڕی احمد نوریجان، کە کاتی خۆی گۆرانیبێژێکی هەورامی خوێنی وەها بووە کە ڕادیۆ سنە تێستی لێ وەرگرتوون و قەرار بووە لەگەڵ احمد ولیان لە زۆنج ببن بە کارمەندی ڕادوێ سنە، بەڵام بنەماڵەکەیان بەرگریان کردووە.
3. دەرکەوتەیی و شۆڕش و یاغی بوونی احمد علاالدین بەرامبەر هەندێ نەیاری خۆی و سەرەنجام گیرسانەوە لە پێنجوێن
4. هەندێ پیشەی تایبەتی ئەوسا، وەک جەوی کردنی پیاوانی هەندێ لە بنەماڵەکان و ساڵانە ڕۆیشتن بۆ کوێستانەکانی لای سەقز و بانە و سەرشیوی مەریوان
5. دامەزراندنی پاسگا لە سەردەمی ڕەزاخان و دژایەتی کردنی پاسگا بەرامبەر بە قرآن خوێندن و مێزەرەی پیاوانی ناودێ
6. هاتنی پیاوانی حزبی شێخانی هەورامان (حزبی ڕزگاری) بۆ ناودێ بۆ وەرگرتنی پێشمەرگە
7. یەکەم مەدرەسەی ڕەسمی (سپای دانش)
8. ئاستی موهەندسی ڕاکێشانی سێ جۆگەلەی درێژی ئاودێران: هەژدەنێری بە درێژی نزیک بە 3 km، جۆگەورێ بە درێژی 6 km و سەنێراو نزیکەی 1 km.
9. شەش ئاشی ئاوی دوو چۆمی کوڕەوێز و چەم کەڵاتەرزان لە باقلاوا
 10. تەپەی باستانی لۆشتە و کاوشەکانی باستان شناسی ساڵی 1387
11. سیستمی لوولەکێشی سوفاڵی لە پشت ئاوایی تا مزگەوت
12. باسێک لە سەر شوێنکەوتووانی تەرێقەتی کەمینەی قادریە لە ناودێ
13. قورئانە دەستنووسەکانی کەسایەتیەکانی ناودێ
.....
ئەمانە و چەندین بابەتی کورت و درێژی تر، بەرەبەرە دەیکەین بە کتێبێکی بەنرخ و سوودبەخش بە ناوی (مێژووی وڵاتێکی چکوولە لە باوش و دڵی وڵاتی کوردستان)
هەڵکەوتەی جوغرافیایی و کاریگەری لەسەر دەسەڵات و بەڕێوبەری"
 شوێنی جوغرافیای باقلاوا بە جۆرێکە کەوتووەتە لای چەپی دواوان. واتا بە یەک گەیشتنەوەی چۆمی کەڵاتەرزان و چۆمی کوڕەوێز. بەشی لای ڕاستی دواوان بەڕۆژە و بەشی لای چەپی نسێ. بەشە نسێیەکەی بە نسار و بەشە بەڕۆژەکەی بە خوەرەتاو دەناسرێت.
شوێنی ئاوایی لە نسارە. وەک دەڵێن باقلاوا سەرەتا هەر بەشی لای نساری بووە و لە هاوینان کە ئاوی چەم کەڵاتەرزان کەم بووەتەوە بەشێکیان بەرەو هەواری شایەن کە ماوەیەک بووە ئاوایی و هەواری قشڵاخ کۆچیان کردووە. هەروەها لای نسار لە کۆندا واتا پێش هاتنی شێخەکانی مەردۆخی بۆ باقلاوا، بەرەو هەوارەکانی تر کە ئێستە ئاوایین واتا دڕێڵە، بنیەر و خانا ڕۆیشتوون. بە قسەیەک کە لەناو بەساڵاچووانی باقلاوا هەیە باقلاوا سەردەمانێک تا ملە تۆفانەی نێوان دڕێڵە و ئاوایی نگڵ و لەم لاوە تا نزیک سنووری کۆماسیەکان واتا دۆڵ ماڵیەر دەسەڵاتی بووە.
چۆمی کوڕەوێز و کەڵاتەرزان کاتێ لە دواوان بە یەک دەگەن و دەبن بە لقێکی سیروان و بە چەم گەورە دەناسرێت تا نزیک نێوقەدی جۆزەردان کەس نەیدەتوانی لێی بپەڕێتەوە بۆ ئاواییەکانی سوورکەوڵ و زۆنج و میانە.
لە دەراو سوورکەوڵ لە بوارێکی تەنگەبەر پردە تەختەیەک هەبوو وەک پردی وەنەن کە خەڵک لێی دەپەڕینەوە بۆ کەل سوورکەوڵ و داگەڕان بەسەر سەوڵاوا.
تا ئەم دواییانە واتا تا ڕۆژگاری دەسەڵاتی حەسەن خان ڕەزاو کە امکاناتی گواستنەوە و پەڕینەوە کەم بوو، دەسەڵاتی هەورامیەکان کەمتر پڕکێشی کردووە بۆ ئەم بەر چۆمی گەورە واتا باقلاوا و ملە تۆفانە، بەڵام لە دۆڵ سوورکەوڵ و زۆنج و میانە بەهۆی هەبوونی ڕێگای وشکانی چوار وەرز هەمیشە دەسەڵاتیان جێبەجێ کراوە.
بەرەبەرە کە ڕێگاکان و پەڕینەوە بەسەر چۆمی گەورە ئاسان بوو، دەسەڵاتی باقلاوا تەسک کرایەوە. هەوارەکانی خانا، دڕێڵە و بنیەر بوونە ئاوایی سەربەخۆ و بوو بە مڵکی شێخانی تری مەردۆخی و ماڵە دەوڵەمەندەکانی سنە و بەگەکانی ئاڵمانە.
هەرچەند بەڵگەکان نیشانی ئەدەن بەگزادەی کۆماسیش ماوەیەک ئاوایی و هەواری شایەنیان لە باقلاوا داگیر کرد بەڵام دوایی وەریانگرتەوە. یا ئەوەیکە تەنانەت لەم دواییانەش بەگزادەی کۆماسی لە زەنووری گاڕانیان تا نزیک دواوان هێناوە بەسەر باقلاوا.
لە لایەکی ترەوە مالکی باقلاوا ماوەیەک چەند شەعیرێک لە مڵکی ئەوبەری چۆمی لە ئاوایی زۆنج هەبوو.
بەم شێوە دەتوانین گۆڕینەوەی دەسەڵات و خاوەنداری زەوی و زار لە باقلاوا دەستاودەست بووە.
پیشە و کار
خەڵکی باقلاوا و ناوچەکە بەهۆی هەڵکەوتەیی جوغرافیایی، لە کۆندا زۆرتر ڕوویان لە کشتوکاڵ و باخداری و ئاژەڵداری کردووە.
ئەوسا کشتوکاڵی گەنم، جۆ، نیسک، گاڵ، هەرزن، گەنمەشامی، پەموو، گڕکە، توتن، شووتی، توتن
باخداری گوێز، سنجوو، ترێ، هەنجیر، قەیسی، هەرمێ، سێو، هەشتاڵوو، توو، بەهێ
ئاژەڵداری بزن، مەڕ، مانگا و هەنگداری.
ئەوسا بەزۆری خەڵک هاوینان لەپاڵ خەلە و خەرمان و ئاژەڵداری کاری توتن و پەموویان کردووە.
 داهاتی سەرەکی فرۆشتنی بەرەچەی مەڕ و بزن و دوایی توتن و خەڵووز بووە
 گەنم و جۆ و گاڵ و گەنمەشامی بۆ خواردنی نان و چێشت و کولێرە و دۆینەی ساڵانە بووە.
 سوخاڵ کردن واتا کاری ڕەژی. زۆرێک لە بنەماڵەکان پیشەی دووهەم و سێهەمیان ئەمە بووە و هەرکاتێ بۆ شار چوونە لەگەڵ خۆیان بارێ ڕەژییان بردووە. تایفەی بووە لە باقلاوا بە ناو سارایی ئەمان پیشەی سەرەکیان ڕەژی کردن بووە. شێوەی ڕەژی کردنیان تایبەتی بووە واتا دار بەڕووەکەیان دەسووتاند و لە نیوەدا گڵ و ئاویان بە سەردا دەکرد.
 پیشەی جیکەنە و ڕستن. جیکەنە هەمان دوک فارسیە کە کاری شیکردنەوەی پەموو دەکات. نەنکم و دایکی جیکەنەیان بووە. ڕستنی پەموو، خوری، مووی بزنە ڕەش و بزنە مەرەز پیشەیەکی ئەمان بووە. بۆ دروستکردنی چۆخە و ڕانک، عابای دەرەدامان، هەوری و چەتفە، شەدە، بەڕە، گوریس، پڵاس، ڕەشماڵ و
 ئاشەوانی. لە باقلاوا شەش ئاشی گەورە و بووچکی لێ بووە. هەندێ لە ماڵان هەر بە ئاشەوانی و پارێزگاری ئاشەکە و تیژکردنەوەی چەقچەقەنەکەی و جۆماڵی جۆگەلەی ئاشەکە بەڕێوە دەچوون.
 تەنەکەسازی. ئۆسالی (علی) و قاسمی کوڕی کە بیجاڕی بوون و لەسەر مەزهەبی شێعە، هاتبوونە باقلاوا. ئەمان کاری درگا، پەنجەرە، تەنەکە، و حەڵەبیان دەکرد.
 جەوی کردن: هەندێ لە ماڵان وەکوو ماڵ باوا کەرەم و احمد نووریجان پاش مانگی جۆزەردان ڕوویان کردووەتە ناوچەکانی ساڵاڵ و سەرشیو. تەنانەت تا نزیک کەلی خانی بانە ڕۆیشتوون.
 سپۆن کردن: هەندێ لەوانە وا کاری جەوی و جاچکە و تەنانەت شوانیان کردووە، ئەو شوێنانە کە لە کوێستانەکان سپۆنی بووە بۆی چوون و ڕەگ و ڕیشەی ئەسپۆن و سرێشیان هێناوەتەوە بۆ کاری شۆردن و چەسپکاری. تەنانەت ماڵێ بووە لە باقلاوا کە لە سوورکەوڵەوە هاتبوون. زۆر زیرەک و نەترسیش بوون و بە چەچوول ناسراون و لە خێڵ زەردۆییەکانی جوانڕۆ بوون.
 پیشەی کڵداری و ئاوماڵک و سووتمانی تەندوور. ئەوسا هەموو شتێک نرخی هەبووە. بەیانیانە ژنان سەوەتەیان هەڵگرتووە و دوای گاگەل کەوتوون یا تەنانەت چوونەتە مۆڵگەی گاگەل و سەنێر و شیاکەی مانگا و گوێرەکەیان کۆ کردووەتەوە و پێژاویانە.
یا ئەوەیکە مۆڵگەی گاڕان و بەرغەلیان ماڵیوەتەوە و پشکەڵەکەیان وشک کردووەتەوە و لە تەندووری گڵینەیان کردووە بۆ کڵی تەندوور.
هەروەها چوونەتە کێو و تەپاڵە و پشکەڵی ئاژەڵە کێوی وەحشیان کۆ کردووەتەوە بۆ خەتەنەکەران. یا ئەوەیکە گەوڕی مەڕدارە گەورەکانیان گرتووە و لە بەهار بڕیویانە و گەڕمەیان کۆ کردووەتەوە. یا ئەوەیکە سەنێری بەهارانەیان وەک قوڕ شێلاوە و تەپاڵەیان پێژاوە و کۆشکەڵان و ئازەڵدانیان پێ درووست کردووە و ناو ئازەڵدانەکە پشکەڵی زستانی مەڕ و بزنیان تێ کردووە و بۆ سووتانی تەندوور و وشکەخستن گەوڕ لە تەڕ بەهار بەکاریان هێناوە.
هەروەها بەهارانە کە سێڵاو هاتووە و دار و چیلکەی لەگەڵ خۆی ڕاماڵیوە و داویەتیە قەراخەوە و کۆیان کردووەتەوە و لە پشت لیژنەداری هێزمدانیان کردووە.
 کۆکردنەوەی گیابرژیوە و گیای ناوچێشت. ژنان و شوانان بەشێکی کاریان کۆکردنەوەی گیای خواردنی کێوی و دەشتی بەهارانە و گیا دەرمانی و بۆنخۆشەکانی مێرگ و کوێستانەکانە.
 پیشەی کرێکاری: گواستنەوەی گڵی سپی و سوور بۆ ناوینەوەی ماڵان، هێنانی گڵ و پرژ و پەڵخ و هەلووک بۆ گڵەبانی ماڵان، بەرد هێنانەوە بە بەردکێش لە کانەبەردەکان یا کۆکردنەوەی بەرد لە شوێنە بەردەڵانی و خێشیاگەکان، کۆکردنەوە و هەڵپاچینی پرژی دارە بەرزەکان بۆ سووتان و سێبەری کەپر و پەڵخی سەربان، کۆکردنەوەی تووڵی سەوەتە و سۆقاتی چنین، داربڕین و توێکڵ گرتنەوەی دار و موورەکان، گەوڕ دەردان، دیوارکردن و ...
 هەندێ پیشە بووە کە کابرا بە ئەزموونی خۆی پێی گەیشتووە وەک مامانی، شێلان، ناوک گرتنەوە، سەرگرتنەوە، شکیان گرتنەوە، گۆڵە کردن، خەتەنە کردن، چارەسەر دۆزێنەوە بۆ نەخۆشی و برین و برکی مرۆڤ و ئینسان و ...
ئەمانە هەموویان هەر دێهاتێک لە کوردەواری کەسانێکی هەبووە و هێشتاش هەر هەیە کە خزمەتیان کردووە.
 کۆپان و سەرجل دوورین بۆ کەر و ئێستر کە لە باقلاوا هەمیشە نەفەری دروومانکاری هەبووە.
 کەسانێک کە هەندێ پیشەی دارتاشیان زانیوە و بەردکێش، کووتکێش، ئاوکێش و خێشی درووست کردووە.
 وردە پیشەکان سەوەتە و سۆقاتی چنین، کەڵەمە و گۆچان چەماندن، تەندوور و کوانوو دانیان، مزگەری و سپیکاری کاسە و کەویلی مس، ناڵبەنی و بەرچاویلە چنین و ...
پێڵاوچی: کاری پێڵاو درووست کردن وەستای تایبەتی ویستووە. ئێژن وەستای پێڵاو لە ئاوایی زۆنج و نگڵ هەبووە. کابرا خۆی ئەچوو ئەندازەی پای ئەگرت و کەوش و کڵاشی بۆ درووست ئەکرد. زۆر کەس بە بەنێ ئەندازەی پای ژنەکەی یا مناڵەکەی ئەگرت و ئەیبرد پینەچی ئەیکرد بە کەوش بۆی. کەوشەکان چەند جنس بوون: چەرمی مانگا، گوێدرێژ، هێستر، یا قایش، تەختە، پەڕۆ وەک کڵاش.
 دەسچن: کەسانێک بەتایبەت کچان و ژنان کاری چنینی گۆرەوێ، سەرکراس (جاکەت)، پووزەوان، کڵاو، جامانە،  ڕەشتی گرتنەوە و ئەمانەیان دەکرد.
ئەڵبەت ژنانێکی پسپۆڕ هەبوون تەونی مووی بزنە مەرەزیان کردووە بۆ ڕانک و چۆخە. هەروەها پشتێنیان ڕستووە.
و دەیان کار و پیشەی تر ....
.........
درێژەی هەیە....
هه‌ورامان هانه‌به‌رچه‌م    هه‌ورامان هانه‌به‌رچه‌م
کێلی یەکێک لە کچەکانی حاکمی هەورامان، ساڵی مردن 1191 کۆچی
247 ساڵ پێش ئێستا



طبقه بندی: فرهنگی و هنری، اجتماعی، ادبیات/شعر، تاریخ، اخبار، جفرافیا، زوانی هه‌ورامی، ده‌گاو زاوه‌ری/روستای دز‌آور، شهرها و روستاهای هورامان، تصاویرومناظرطبیعی وتاریخی، دینی ومذهبی، شێخ شه‌هابه‌دین زاوه‌ری،
برچسب ها:هه‌ورامان‌هانه‌به‌رچه‌م-کتابخانه‌هورامان؛یانه‌وکتێبووهه‌ورامانی-هه‌ورامان-هۆرامان-اورامان-اورامانات-دزآور(زاوه‌ر)-لهون-نوسود-هورامان تخت-ژاورود-پاوه- نودشه(نۆتشه)زرده-پریان-رێژاو(ریجاب)-کندوله-ته‌وێڵێ(طویله)-بیاره-ساور-نودیجه-حلبچه(هه‌له‌بجه)-خۆرماڵ-مریوان-سروآباد-کرمانشاه-کردستان-دالانی-ایلام-کامیاران-روانسر-جوانرود-چهارقلعه‌عبدالملکی(زاغمرز-زینوند-حسین‌آباد-امیرآباد هورامی های شمال ایران)-عکس-شبک(شه‌به‌ک)-سنجار- کاکه‌یی-یارسان-ساور-نودیجه-زازا-زازاکی)-قلعه قروه-چورژی-هومایون موحه‌ممه‌دنژاد،سه‌فه‌ره‌کێ گالیوێری،وه‌سیه‌ت په‌ی مه‌زهه‌ری،یانەوخەما،بەشێک لە مێژووی باقلاوا،کەڵاتەرزان،سنە،
نوشته شده در تاریخ پنجشنبه 18 خرداد 1396 توسط همایون محمدنژاد
.: Weblog Themes By Abdollah Habibi :.